• نوێ

    الثلاثاء، 22 يناير 2013

    فەتحی ئیسلامی بۆ ئەحوازو توستەر


    دوای ئەوەی جەنگی قادسیە كۆتایی هات پاشماوەكانی فارسەكان هەڵهاتن بەرەو ئەو شوێنانەی لێوەی هاتبوون, بۆیە هورمزان هەڵهات بەرەو (ئەهواز) كە گەل و عەشرەتەكەی لەوێ‌ بوو, هەر لەوێشەوە خۆی ساز ئەكرد بۆ جەنگ دژی موسڵمانان و پارێزگاری كردنی ئەو پاشماوە شكۆیەی كە فارسەكان مابویان. بۆیە بەهێزەكەیە دەستی كرد بە جەنگ و هێرش كردنە سەر چواردەوری و بە براوەیی و سەركەوتویی دەگەڕایەوە. (عوتبەی كوری غەزوان) دڵەڕاوكێ‌ دایگرت لەم جۆرە جموجۆڵە,
     بۆیە نامەیەكی نارد بۆ عومەری كوری خەتتاب(ڕەزای خوای لێ‌ بێت) و هەواڵی خەڵكی ئەهوازی پێ ڕاگەیاند كە خۆیان كۆدەكەنەوە بۆ شەڕكردن لەگەڵ موسڵماناندا لە ئوبوللە,
     عومەری كوری خەتابیش(ڕەزای خوای لێ‌ بێت) فەرمانی دا بە سەعدی كوری ئەبی وەقاص(ڕەزای خوای لێ‌ بێت)  كە كۆمەك بنێرێت بۆ عوتبەی كوری غەزوان.
    سەعدیش دوو سوپاو لەشكری بۆ نارد
    ئەمیری جەیشی یەكەم نەعیمی كوری موقەرین و سەرۆكی لەشكری دووەمیش نەعیمی كوری مەسعود بوو(ڕەزای خوای لێ‌ بێت) كە لە هاوەڵەكانی پێغەمبەری خوایە (صلی الله علیە وسلم).
    نەعیمی كوری موقەرین و نەعیمی كوری مەسعود بە  لەشكرەكانیانەوە لە مەداینەوە بەڕێكەوتن بەرەو ناوچەی حوەیزە, كە ئەو شارە بوو لەشكری هورمزان لە ناوچەی (ئەهواز)ەوە بۆی چوو بوو, عوتبەری كوری غەزاوان لەشكرەكەی ڕێك كردوو شوێن و جێگای بارخستینیانی چاك كرد و كەوتە بیركردنەوە بۆ داڕشتنی پلانێكی گونجاو بۆ جەنگ, لە كاتی جێ‌بەجێ‌ كردنیدا بەشێك لە سوپاكەی جوڵان و گەیشتە (مەیسان) و لە نێوان ئەو شارەو ڕووباری (تەیرە)دا لەشكرەكەی دامەزراند , وە بەشێكی تریانی لە نێوان (مەیسان) و (مونادی)دا دانا, موسڵمانان زۆرو بێ‌ شوماری دوژمنەكەیان بینی, بۆیە لەو ناوەدا دەستیان كرد بە بانگەوازی ئەو عەرەبانەی كە خاوەنی سەرەكی زەوییەكان بوون تا سەریان بخەن. ئەوانیش وەڵامی لەشكری موسڵمانانیان دایەو بە خێرایی هاتنە ناو ئیسلامەوە, وە بوونە پشتیوانی براكانیان لە فتوحاتەكانیاندا. هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێك كەوتن كە هۆزە عەرەبییەكان وا دەربخەن كە وەلائو دۆستایەتیان بۆ فارسەكان هەیە, تا كاتی تێكڕژانی لەشكرەكان, ئەو كات هۆزەكان لە فارسەكان جیاببنەوە كە ئەمەش دەبێتە تێكچون و داڕمانی لەشكری فارسەكان , وە لە نێوان ڕووباری (تیەرە) و (دولس) هەردوو لەشكری موسڵمانان گەیشتن بە هورموزان و هێزەكەی, جەنگ و كوشتار توندو گەرم بوو, هەر كۆمەڵەو چی لەبەر دەستا بوو لە هێزو چەك دەیگرتە ئەوەی بەرامبەری.
    لەو كاتەدا كە جەنگەكە نۆبە بوو لە نێوان هەردوو لادا, لەو كاتەدا هۆزەكان هەستان لە فارسەكان لە هەردوو شاری (تیەرە)و مونازر, بەمەش لەشكری هورمزان لەو دوو شارە شپرزان و ئەو دوو شارە كەوتە دەست موسڵمانان. هەواڵی ڕزگار بوونی هەردوو شاری (مونازر) و ڕووباری (تیەرە) لە لایەن موسڵمانانەوە گەیشتە هورموزان, مەعنەویاتی خۆی و سەربازەكانی ڕووخا بەشێوەیەك بە گیانێكی بێ‌ ئومێدی دەجەنگان, موسڵمانانیش دەستیان گەیشتە گەردنیان و چەندانیان لێ‌ كوشتن و زۆرێكیشیان لێ‌ بەدیل گرتن, لە بەرامبەر ئەم هێرشەی موسڵمانان و پاڵەپەستۆی جەنگییەدا هورموزان بە خۆیو ئەو سەربازانەی لەگەڵی مابوون هەڵهاتن بەرەو ڕۆژهەڵاتی ڕووباری كارون و پردێكی گەورەیان بڕی و پاشان دوای پەڕینەوەی پردەكەی ڕوخان و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری كارون دا سوپاكەی دامەزراند, بەجۆرێ‌ ڕووبارەكە كەوتە نێوان هەردوو سوپاكەوە, وە گۆڕەپانی چاوەڕوان كراوی جەنگی ئەمجارەش بەهەمان شێوە بریتی بوو لە ئەهواز,
    دوای شكان و هەڵهاتنی هورموزان ڕێگایەكی تری نەمایەوە جگە لە صوڵح كردن لەگەڵ موسڵمانان بۆیە هاتە پێشەوە بۆ صوڵح و عوتبەش صوڵحی لەگەڵ بەست لەسەر ئەهواز بەو مەرجەی بە سەرشۆڕییەوە جیزیە بدات, بەڵام ڕووباری تیەرەو مونازر پێش ئەوە بە هێزو زۆر فەتح كران.
    هورموزان ئولفەتی گرتبوو بە خیانەت و ناپاكییەوە, پێی وابوو دەتوانێت موسڵمانان بشكێنێت, بۆیە شەو لە ناكاو دایان بەسەر پارێزەرانی تیەرەو مونازر و بەخۆی هێزەكانییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری كارون كۆبونەوە بۆ جەنگی موسڵمانان. عوتبەی كوری غەزوان نامەیەكی نارد بۆ پێشەوای ئیمانداران عومەری كوری خەتتاب(ڕەزای خوای لێ‌ بێت) وە هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی پەیمانەكەی هورموزانی پێ‌ ڕاگەیاند, عومەری كوری خەتتابیش(ڕەزای خوای لێ‌ بێت)  حورقوصی كوڕی زوهەیری سەعدی(ڕەزای خوای لێ‌ بێت) بۆ نارد كە یەكێك بوو هاوەڵەكانی پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) بە سەرلەشكری هێزێكی ئیسلامییەوە لە مەدینەوە بەڕێی خستن, بە عوتبەشی فەرموو: ئەگەر حورقوص گەیشتە لات بیكەرە سەرلەشكری جەنگ و سوپاكان, حورقوصی كوڕی زوهەیری سەعدی سەرجەم لەشكرە ئیسلامییەكانی ناوچەكەی كۆكردەوەو لە ڕۆژئاوای ڕووباری كارون باری خست, حورقوص نامەیەكی نارد بۆ هورموزان و پێی ووت: یان ئەوەتا تۆ بپەڕێرەوە بۆ لامان یان ئێمە دەپەڕینەوە بۆتان, هورموزانیش ووتی: ئێوە بپەڕێنەوە بۆلامان. ئەوانیش بەسەر پردەكەدا پەڕینەوە, وە موسڵمان گەیشتن بە فارسەكان لە ناوچەی (سوق ئەهواز)و موسڵمانەكان و فارسەكان جەنگێكی زۆر توندیان كرد لە جەنگەكەی حوەیزە دەچوو. لە كۆتایی ئەو ڕۆژەدا خوای گەورە سەركەوتنی بە موسڵمانان بەخشی. وە سوپای فارسەكان شكان دوای ئەوەی بەرگریان داڕما و هەموویان لە پێشیانەوە هورموزان هەڵهاتن بەرەو راماهورمز , شكست و سەرشۆڕییان بە دوای خۆیاندا ڕادەكێشا, موسڵمانانیش (سوق ئەهواز)یان فەتح كرد و هێرش و لەشكریان تا دەوروبەری شاری (توستەر) درێژ بوویەوە.
    دوای ئەو فتوحاتە گەورانەی موسڵمانان بەدەستیانهێنا بەسەر فارسەكاندا, وە دوای ئەو هەمەموو غەنیمەتانەی لە فتوحاتەكانەوە بەدەستدەكەوتن و دەهێنرانەوە, پێشەوای ئیمانداران عومەری كوری خەتتاب ترسا لەوەی ئیمانداران توشی فیتنەی سەروەت و سامان وە فیتنەی دونیا كە دەرگاكانی كرابوونەوە بەسەر موسڵماناندا لە كاتەدا ببن, بۆیە بە عوتبەی كوڕی غەزوانی فەرموو: (ئاواتم دەخواست كە لە نێوان من و فارسەكاندا بەربەستێكی ئاگر هەبووایە, نە من هێرشم بۆ بكردنایەو نە ئەونایش هێرشیان بكردایە بۆم دوای ئەمڕۆ, ئیتر لەمەو دوا هێرش كردن و چوونە ناو ووڵاتانی فارسەكان ڕاگرن).
    ئەم بڕیارەش ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە موسڵمانان لە فتوحاتەكانیاندا دونیاو غەنیەمەت و بەرزییان نەویستووە لەسەر زەویدا, وە لەشكری ئیسلامی لە توانایدا بوو زۆر بە ئاسانی بچێتە ناو زەوییەكانی فارسەكانەوە دوای فەتحی جەلەولا, چونكە شەوكەتی لەشكری فارسی لە قادسیەدا شكا, پاشان لە مەدائین پاشان لە جەلەولا, وە سوپای فارسی شكا لە ئەهوازو تكریت. وە فورسەتێك بوو بۆ موسڵمانان, بەڵام پێشەوای ئیمانداران عومەری كوری خەتتاب ڕەزای خوای لێ‌ بێت فتوحاتی ڕاگرت لەبەر ترسی لە ئیمانداران لە توش بوون بە فیتنەی دونیا.
    وە وەستانی فتوحات لە مانگی زیلقەعدەی ساڵی 16ی كۆچیدا بوو.
    عومەری كوری خەتتاب (ڕەزای خوای لێ‌ بێت) زانی كە (یەزدەجرد) جارێكیتر لەشكر كۆدەكاتەوە بۆ شەڕ لەگەڵ موسڵمانان, وە لەوانەیە هورموزان جارێكیتر  پەیمانی شكاندبێتەوەو دەستی كردبێت بە ئامادە كردنی لەشكر بۆ جەنگ. بۆیە عومەری كوری خەتتاب نامەیەكی نوسی بۆ سەعدی كوڕی ئەبی وەقاص و تیایدا هاتبوو: (سوپایەكی گەورە لەگەڵ نوعمانی كوڕی موقەریندا بنێرەو دەستوبردی تیا بكە, وە سوەیدی كوری موقەرن و عبداللەی كوری زی السهمین و جەریری كوری عبدالله الحیمیەری و جریری كوری عبدالله البجلی بنێرە تا لە نزیكی هورموزانەوە لەشكر بخەن هەتا بزانن خەریكی چین).
    وە خەلیفە عومەر نامەیةكی نوسی بۆ ئەبو موسای ئەشعەری ئەمیری بەصرە تا سوپایەكی گەورەو چڕی تری لێ‌ بەڕێ بكات بە سەرپەرشتی سەهلی كوری عەدی, كاتێ‌ هەردوو لەشكرەكە یەكیانگرت و كۆبونەوە (ئەبو صەبرەی كوری ئەبو روهم) ڕابەرایەتیان بكات, ئەم فەرمانە خێرا و كۆكردنەوە گەورەیەی عومەر ڕەزای خوای لێ‌ بێت فەرمانی كرد بە جوڵانی بەڵگە بوو لەسەر سامناكی مەوقیفەكە.
    سوپای نوعمان لە كوفەوە كەوتە جوڵان و ڕەشایی دوورگەی بڕی هەتا گەیشتە مەیسان. ڕووباری دیجلەی بڕی و پاشان ڕووی كردە باشورو ڕووباری كارونی بڕی بەلای ئەهوازدا.
    وە لە بەسرەشەوە سەهلی كوری عەدی بە سوپاكەیەوە دەرچوو, وە سوپاكەی نوعمان خێراتر بوو لە سوپاكەی سەهلی كوری عەدی, بەجۆرێ‌ بەخێراییەكی زۆر ترسناك ڕەشایی بڕی. هەتا گەیشتە ناوچەی بازاڕی ئەهواز, ئەویشی بڕی هەتا گەیشتە شاری ڕامەهورموز كە هورموزانیشی تێدا بوو, وە ئابڵوقەیدا, هورموزانیش بۆی دەرچوو وە لە جەنگێكی خێرادا پێی گەیشت, كە موسڵمانان ئارامگرییەكی توند ئارامییان گرت و جەنگێكی زۆر گەورەو سامناك لە نێوان هەردوو لادا هەڵگیرسا. سەركەوتن بە نسیبی كۆمەڵی ئیمانداران بوو. هورموزانیش بە شكاوی ڕای كرد و هانای برد بۆ شاری توستەر بۆ چاوەڕوانی كردنی جەنگێكی نوێ‌, وە موسڵمانانیش لە فەزڵ و نیعمەتی خواوە چونە ناو ڕامەهورموز.
    هورموزان هەستی بە بێ‌ هیوایی دەكرد چونكە لە هیچ مەیدانێكێدا ناگات بە موسڵمانان ئیلا ئەوان ئەیشكێنن و ناچاری دەكەن هەڵبێت, لە قادسیەو فەتحی ئەهوازو لەكاتی شكستیدا لە نزیك رانەهورموزیشدا بەسەری هات و وای كرد. بەڵام سوور بوو لەسەر كەللەڕەقی و بڕیاری دا بەردەوام بێت لەسەر ڕێگاكەی بەرەو لەناوچوون,
    هورموزان دەیزانی موسڵمانان دێن بۆی لە توستەر لەبەر ئەوە هەستا بە هەڵكەندی خەندەق لە چواردەوی تا لە موسڵمانان بیپارێزێت. سوپای بەصرە بە سەرۆكایەتی سەهلی كوڕی عەددی بەڕێگادا دەڕۆیشت هەواڵی فەتحی ڕانەهورموزیان پێ‌ گەیشت لە كاتێكدا ئەمان لە سوق ئەهوازدا بوون, وە سوپای ئەهوازیشیان لەگەڵدا بوو بە سەرۆكایەتی حورقوصی كوڕی زوهەیر وە ئەو هۆزە عەرەبە ئەهوازیانەشی لەگەڵدا بوو كە موسڵمان بووبوون. ئەمەش هۆكاری فەتحی ئەهواز بوو, هەموویان لەوێوە لار بوونەوە بەرەو توستەر تا نوعمانی كوڕی موقەرین بە سوپای كوفەوە پێیان بگات و هەموو پێكەوە ئەبو صەبرەی كوری ئەبو ڕوهم سەرلەشكریان بێت.
    وە چەندین هێزی نوێ‌ چووە پاڵیان كە ئەبو موسای ئەشعەری (ڕەزای خوای لێ‌ بێت) سەركردایەتی دەكرن, موسڵمانان لای خەندەقەكانی توستەردا دابەزین وبارگەیان خست, وە چەندین مانگ ئابڵوقەیان خستە سەری وە هەموو ڕۆژێكیش حاڵ لە نێوان هێرش و بەرەنگاری یەك بوونەوەدا بوو. سوارچاكانی موسڵمانانیش لە وێنەی بەرائی كوڕی مالیك و مەجزەئەی كوڕی سەورو ربعی كوڕی عامر مونافەسەیان دەكرد بۆ دەرخستنی توانایان لە موبارەزەو كوشتاركردن, وە ئابڵوقەی شاری توستەر نزیكی هەژدە مانگ بەردەوام بوو لەم ماوەیەدا موسڵمانان نەیانتوانی جەنگەكە یەكلا بكەنەوە, چونكە شاری توستەر لەگەورەترین قەڵاكانە بە ڕەهایی, وە شارەكە لەشوێنێكی بەرزدا دروست كراوەو لە چواردەوریشی چەندان دیواری گەورەی بەرز هەیە ئەوترێت ئەوانە یەكەم دیوارێكن لەسەر ڕووی زەوی دروست كراون, وە لەسەر دیوارەكانیش چەندین بورجی بەرز هەیە ئەمەش جیاكەرەوەیەكی تری فارسەكانە لەم جەنگەدا, كە لە توانایاندا هەبوو موسڵمانان تیر باران بكەن لەسەر ئەو بورجانەوە و تیری موسڵمانانیش نەدەگەیشتە بەرزایی بورجەكان, وێڕای ئەمەش بوونی خەندەقێك بە دەوری شارەكەدا وەك عادەتی فارسەكان لە شەڕكردنیاندا, ئەم خەندەقەش پڕكرابوو لە ئاو بۆیە لەسەر موسڵمانان زۆر قورس و گران بوو بچنە ناو شارەكەوە, وە لە میانەی ئەم ئابڵوقەیەدا هەشتا جار فارسەكان هێرشیان كردە سەر موسڵمانان جارێك دەستی ئەوان بەرز دەبویەوەو جارێكی تر دەستی ئەمان,
    هۆكارەكان دەستەوستان بوون لە یەكلا كردنەوەی ئەم جەنگەدا, بەڵام خوای هۆكارەكان دەبیستێت و دەبینێت, وە وەڵامی پاڕانەوەی ناچارو پێگیراوان دەداتەوە, وە بەندە ئیماندارەكانی خۆی سەردەخات بەسەر دوژمنەكانیاندا, موسڵمانان هەستیان كرد بە پێویستی پەنا بردن بۆ خوای گەورە لەم كاتە قورس و گرانەدا, بۆیە بەرائی كوڕی مالیك دەستەكانی بەرز كردەوە بۆ لای خوای گەورەو پاڕایەوەو فەرموی: خوایە شكستیان پێ‌ بێنەو بەرزایییەكانیانمان پێ‌ ببەخشەو وە بمكەرە شەهیدێك لە پێناوی خۆتدا,
    وە لە هێرشێكی نوێ‌دا رۆحی موسڵمانان بە پەرۆشەوە بۆ ئەو پاڕانەوە ڕاستگۆیانە دەخرۆشێت وە لەگەڵ فارسەكان بەجەنگدێن لە لای خەندەقەكەدا بەجەنگێكی زۆر تاڵ و توند وە پاڵەوانانی بەرەنگاربوونەوە دەكەونە لێدانی سەرو ورگی دوژمنیانیان. بەجۆرێ‌ زۆرێكیان لێ‌ دەكوژن و بەرەو قەڵاكان پێشڕەوی دەكەن, موسڵمانان هێزەكانیان تەوزیع دەكەن بەڵام خەندەقی چواردەوری شارەكە دەبێتە ڕێگر لە نێوان ئەمان و قەڵای دوژمنیان.
    دوای ئەوەی دڵەكان دەگەنە قوڕقوڕاگە تیرێك لە پەنا ئەبو موسای ئەشعەری دەكەوێتە زەوی وە لەو تیرەدا نامەیەكی یەكێك لە سەربازانی فارسەكانی پێوە بوو, كە داوای ئەمانی دەكرد بۆ خۆی و كەسوكارو سەروەت و سامانی, لەبەرامبەر ئەوەی ڕێگایە نیشانی موسڵمانان بدات بۆ چوون ناو شاری توستەرەوە, خێرا ئەبو موسا نامەكە لەگەڵ خۆی دەبات بۆ سەرۆكی لەشكر ئەبی صبرەی كوری ئەبی روهم, وە كەوتە گفتوگۆ لەگەڵی دەربارەی باسی نامەكە و ئەبی صەبرەش رەزامەندی نیشاندا بۆ پاراستنی ئەو كابرایە, بۆیە ئەمان پێدانی بۆ نوسی لە كاغەزێكداو خستیە ناو تیرێكەوەو بەرەو ئەو شوێنەی هاویشتی كە تیرەكەی كابرای فارسی لێوە هات و تیرەكە كەوتە ناو قەڵای توستەر, ئەو كابرا فارسییە لە شەودا بە نهێنی هات و لەگەڵ خۆیدا نامەی ئەمان پێدانەكەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبوو, وە بە سەركردەی موسڵمانانی ووت: یەك پیاوم لێت ئەوێت كە شارەزایی مەلە بێت تا ڕێگاكە نیشان بدەم. دوای ئەوە بگەڕێتەوەو كۆمەڵێك لەگەڵ خۆی بهێنێت بۆ ئەو شوێنە.
    ئەبو صەبرەش مەجزەئەی كوری سەوری هاوەڵی بەڕێزی لەگەڵدا نارد و ئەویش هەستا بە ئەنجامدانی كارەكەی بە تەواوترین شێوە, بە دوای كابرای فارسیدا بەمەلە ڕۆیشت تا گەیشتە تونێلە نهێنییەكەی كە دەچێتە ناو شاری توستەرەوە, پاشان گەڕایەوەو هەواڵی ئەو ڕێگایەی دا بە موسڵمانان.
    سێ‌ سەد كەس لە چاكترین سەربازانی موسڵمانان خۆبەخشانە ئامادەییان دەربڕی تا ئەو تونێلە ترسناكە ببڕن بە سەركردایەتی مەجزەئەی كوری سەور, ئەمەش گەورەترین ڕێگر بوو كە بەسەر موسڵماناندا هات لە جەنگیاندا لەگەڵ فارسەكاندا, موسڵمانان تونێلەكەیان بڕی و مەجزەئە گەیشتە دەرگای تونێلەكە بەڵام لە تونێلەكەدا دووسەدو دە سەرباز وون بوون و تەنها هەشتا پیاوی لەگەڵ مایەوە, مەجزەئە لەگەڵ ئەو سەربازانەی لەگەڵی مابوونەوە بە نهێنی و لەشەودا چووە ژوورەوە, بە ووردی بە دوای دەگەڕان تا گەیشتنە دەرگای قەڵاكە, لەگەڵ پاسەوانەكانی دەروازەكەداو لای دەرگاكە كەوتنە شەڕێكی زۆر توندەوە, وە لەكاتی جەنگدا كۆمەڵێك لە موسڵمانان بەرەو دەرگا ڕۆیشتن تا بیكەنەوە بۆ لەشكرەكانی ئیسلامی, لەگەڵ كردنەوەی دەرگاكە موسڵمانان بە لێشاو وەك لافاو ڕژانە ناو قەڵای توستەرەوە, وە لەگەڵ فورسەكاندا بەیەك گەیشتن لە جەنگێك توندترین جەنگی فتوحاتی فارسی بوو, وە هەرگیز بە مێشكی فارسەكاندا نەدەهات كە موسڵمانان لەو كاتەی شەودا قەڵاكە ببەزێنن, كاتێ‌ فارسەكان بەخەبەر هاتن دەبینن موسڵمانان داویانە بەسەرییانداو ئەمانیش هێشتا خۆیان كۆنەكردۆتەوە, وەخوای گەورەش ترس و سامی خستە ناو دڵًیان و سەربازانی ئیسلامیشی بەعیززەت كرد, شمشێری موسڵمانان كاری خۆی دەست پێ‌ كرد لە گەردنی فارسەكان و بەمەش سەركەوتن بەدەست هات و موسڵمانان شاری توستەریان فەتح كرد, ئەو شارەی لەسەر دەرگاو قەڵاكانیدا سەدان كەس لە سەربازو سەركردەكانی موسڵمانان شەهید بوون, خوای گەورەش وەڵامی پاڕانەوەكەی بەرائی كوڕی مالكی دایەوەو سەركەوتنی دابەزاند بەسەر بەندەكانیداو بەرائیش لەگەڵ چەندین موسڵمانی برایدا شەهیدیان پێ‌ بەخشرا, هورمزان ئەمجارەش وەك هەموو جارانی تر ویستی هەڵبێت وە پێش ئەوەی ڕاكردنەكەی تەوا بكات سەرلەنوێ‌, موسڵمانان لە یەكێك لە قەڵاكاندا گرتیان و بە زەلیلی ناردیان بۆ ئەمیری ئیمانداران عومەری كوری خەتتاب(ڕەزای خوای لێ‌ بێت) لە شاری مەدینە.

    ئامادە كردنی: كەناڵی ئەحوازنا
    وەرگێڕانی: حەمزە بەرزنجی

    • تەعلیقاتى بلوجر
    • تەعلیقاتى فەیسبوک

    0 التعليقات:

    إرسال تعليق

    Item Reviewed: فەتحی ئیسلامی بۆ ئەحوازو توستەر Rating: 5 Reviewed By: znnu
    Scroll to Top