• نوێ

    الاثنين، 24 فبراير 2014

    ژیانى ئیمامى شافيعى(ڕەحمەتى خواى لێ بێت‌)..


    ناوی محمدە نازناوەکەی أبو عبدالله‌یە، کوڕی ئیدریس ی کوڕی عەباسی کوڕی عوسمانی کوڕی شافیعی کوڕی سائیبی کوڕی عوبەیدی کوڕی عەبد یەزیدی کوڕی ھاشمی کوڕی موتەلیبی کوڕی عەبدول مەنافە، دایکیشی لە عەشیرەتی (ئەزد)ە ناوی فاتمەیە.لە غەززە لە مانگی ڕەجەبی ساڵی ١٥٠ی کۆچی بەرامبەر ٧٦٦ی زاینی لەدایکبووە ھەمان ساڵە کە ئەبووحەنیفە کۆچی دوایی کردووە،


    باوکی پیاوێکی ھەژاری خەڵکی حیجاز عەرەبستانی سعوودی يه‌بووە، پێش لەدایک بوونی ئیمامی شافیعی چووە بۆ فەلەستین ولە (عەسقلان) و (غەززە) ماوەتەوە و جێگیر بووە، دوای لەدایک بوونی ئیمامی شافیعی بەماوەیەکی کورت مردوە، و دایکی بردویەتیەوە بۆ سعوودیە بۆ ئەوەی نەژادی وون نەبێت ئیمامی شافیعی لە ساڵی ١٧٩ کۆچی دا ئافرەتێکی ھێناوە بە ناوی (حەمیدەی کچی نافیع) کە نەسەبی دەچێتەوە سەرخەلیفە عوسمانی کوڕی عەفان. ئەم ژن ھێنانەشی دوای وەفاتی ئیمام مالیکی مامۆستای بووە لەو کاتەدا تەمەنی ئیمام شافیعی ٢٩ ساڵ بووە لەم خێزانەی کوڕێکی ھەبووە بەناوی (أبوعوسمان محمد) کە چەندین پلەی ھەبووە لە دەوڵەتی ئیسلامی دا تا بۆتە قازی حەلەب، وە دووکچیشی ھەبووە بە ناوی (فاتمە و زەینەب)،
    ئیمامی شافیعی باڵای بەرز بووە ھەروەھا زۆر ڕەوشت بەرز بووە و خۆشەویست بووە لە ناو خەڵکدا وزمانێکی عەرەبی پاراوی زانیوە، خاوەن کەسایەتییەکی بەھێز و سەخاوەت وچاکەکردن بووە لەگەڵ خەڵکدا، ڕیش و سەری بەڕەنگی سوور ڕەنگ ئەکرد وەک لە سوننەتی پێغەمبەری خوادا(صلى الله‌ عليه‌وسلم) ھاتووە، خاوەنی دەنگێکی خۆش بووە لە قورئان خوێندن دا بەڕادەیەک ئەگەر خەڵکی مەککە بیان ویستبایە بگرین لە ترسی خوا کۆ دەبونەوە وگوێیان لێ ئەگرت وھەموویان دەستیان ئەکرد بە گریان، وە زۆر ئازا بووە وەتیرئەندازێکی باشیش بووە ھەروەھا دەستی شیعریشی ھەبووە.
    کاتێک باوکی وەفات ئەکات لە فەلەستین، إيمام شافعی تەمەنی ئەگاتە دوو ساڵ دایکی ئەیھێنێتەوە بۆ مەککە لە گەڕەکێک نزیک کەعبە کە ناوی (شعب الخیف) جێگیر دەبن دوای ئەوەی ھەندێک گەورە دەبێت دایکی دەینێرێت بۆ فێربوونی قورئان بەڵام لەبەر کەم دەرامەتی دایکی ناتوانێت پێداویستی قورئان خوێندنی بۆ دابین بکات مامۆستا وەری ناگرێت، بەڵام ھەر ئەڕوات گوێ ئەگرێت لە مامۆستا، ئەو وانانەی کە مامۆستا لەسەر قورئان بە قوتابیەکانی دەڵێت ئەم لەبەری ئەکات بەھۆی خوێندنەوەی مامۆستا، پاشان مامۆستا کە ئەبینێت ئەوەندە زیرەکە وەری دەگرێت، کە تەمەنی دەگاتە حەوت ساڵ ھەموو قورئان لەبەر ئەکات، و لەگەڵ ئەمەشدا دەست بە خوێندنی زانستی عەرەبی دەکات لە مزگەوتی حەرامدا تا لەھەموو عیلمەکاندا زۆر شارەزا دەبێت و لە ھەموو دیالێکتەکانی زمانی عەرەبی شارەزا ئەبێت بەھۆی وەرگرتنی ئەو دیالێکتانە لەو خێڵە دەشتەکیانەی عەرەبەوە، دواتریش دەست بەخوێندنی زانستی قورئان و زانستی فەرموودە و فیقھـ دەکات، خۆی بۆ تەرخان دەکات و زۆر سەرکەوتوانە تەواویان دەکات.دوای ئەوەی لای ھەرچی مامۆستای شارەزای مەککە ھەیە خوێندن تەواو دەکات پاشان ئەڕوات بۆ مەدینە بۆ خزمەتی پێشەوا مالکی کوڕی ئەنەس، ماوەیەک لای ئەمێنێ تەوە و مۆتە (الموطأ)ی لەلا ئەخوێنێت کە یەکێکە لە کتێبە ناودارەکانی ئیمامی مالک پاشان ئیمام مالیک داوای لێ ئەکات لەجێگای خۆی مۆتە بڵێتەوە بە قوتابیەکانی، ھەشت مانگ لەوێ ئەمێنێتەوە و پاشان ئەڕوات بۆ کووفە لەگەڵ ئەو حاجیانەی لە عێراقەوە ھاتبوون بۆ حەج، دوای پرس کردن بە ئیمام مالیک وئیجازەی ڕۆیشتنی ئەداتێ ودوای ٢٤ ڕۆژ ئەگەنە کووفە ولەگەڵ ھەردوو زانای کووفە (محمدی کوڕی حەسەن و أبویوسف) یەکتر ئەبینن و باس و گفتوگۆی زانستی زۆر دەکەن و ئیمام محمدی کوڕی حەسەن زۆر ڕێزی ئیمام شافیعی دەگرێت.
    لەو ماوەیەدا ئیمامی شافیعی زۆر شتی لە ئیمام محمد وەر دەگرێت، پاشان گەڕاوە بە ره‌و وڵاتی ئێران و بەغدا و کوردستانی عێراق و تا تورکیا کە ماوەیەک لە حەران ماوەتەوە، پاشان چووە بۆ فەلەستین لە (ڕامەڵە ماوەتەوە)، ئەم سەفەرەی دوو ساڵی پێ چووە لە ساڵی ١٧٢ی کۆچی تا ساڵی ١٧٤ کۆچی، شارەزای زۆری لەو سەفەرەی دا وەرگرتوە و خوو ڕەوشت و تەقالیدی باو نەریتی ئەو وولاتانەی گەڕاوە شارەزا بووە، جارێکی تر لە راملەوە دەگەڕێتەوە بۆ مەدینە لەکاتی نوێژی عەسردا کە ئیمام مالیک دەرسی ھەیە ھەموو قوتابیەکانی دادەنیشن و ئیمام شافیعی ش لەدواوە دادەنیشێت بێ ئەوەی ئیمام مالیک بزانێت، ئیمام مالیک دەست دەکات بە پرسیار کردن لە قوتابیەکان دەربارەی بریندار کردنی دەست بە ئەنقەست چی لەسەرە بیدات بەو کەسەی برینداری کردوە ھیچ قوتابیەک نازانێت، ئیمام شافیعی بە قوتابیەک دەڵێت کە لەپاڵی دایە: ئەوە وەلامەکەیەتی، ئەویش ھەموو وەڵامەکە دەداتەوە، ئیمام مالیک دەڵێ چۆن ئەو وەڵامانە دەزانیت؟ ئەویش دەڵێ کوڕێکی گەنجم لەلایە ئەو پێم دەڵێ، ئیمام مالیک ئەو گەنجە بانگ دەکات بزانێ کێ یە کە سەیر دەکات شافیعی یە لە کورسی یەکەی دێتە خوارەوە و باوەشی پێدا دەکات و بە ئیمام شافیعی دەڵێت تۆ ئەم باسەیان بۆ تەواو بکە وپێیان بڵێ لەباتی من ماوەی چوار ساڵ زیاتر لە خزمەتی ئیمام مالیک دا دەمێنێتەوە تا لەساڵی ١٧٩ ی کۆچی دا ئیمام مالیک وەفات دەکات.
    دوای مردن ووه‌فاتی ئیمام مالیک کوڕی أنس إيمامى شافعی ئەگەڕێتەوە بۆ مەککە وئەمەش ھاوکات دەبێت لەگەڵ ھاتنی والی یەمەندا بۆ مەککە و شافعی داوای لێدەکات لەگەڵیدا بروات تا لە نەجران لە یەمەن ئیش بکات ئەڕوات لەگەڵ و ئەبێتە والی نەجران، بە دادپەروەری حوکمی تیا ئەکات بەڵام ناڕەزایی بۆ دروست دەبێت لەلایەن ئەو کەسانەی ئیرەیی پێدەبەن و ستەمی لێدەکەن بەوەی بە خەلیفەی عەبباسی ھارونە ڕەشید دەڵێن ئەیەوێت ببێت بە خەلیفە، و کاتێک خەلیفە بانگی شافعی دەکات بۆ بەغدا و شافعی بە زمانێکی عەرەبی ڕوون بەرگری لە خۆی دەکات و بە بەڵگەی زۆر بەھیز و خەلیفە سەرسام دەبێت پێی و ئازادی ئەکات.دوای ڕزگار بوونی لەم زەحمەتە دەگەڕێتەوە بۆ مەککە لە ساڵی (١٨١)ی کۆچی ئەگاتە مەککە خەڵکی لەقەراغی شاردا پێشوازیەکی گەرمی لێ دەکەن وحەڤدە ساڵ لە مەککە دەمێنێتەوە خزمەتی مسوڵمانان دەکات و مەزھەبەکەی لەناو ئەو حاجیانەی دێن بۆ حەج بڵاو دەکاتەوە و ئەوانیش ئەیبەنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.لەو ماوەیەدا ئیمام أبو یوسف وەفات دەکات لە ساڵی ١٨٢ ی کۆچی دا و لەساڵی ١٨٨ ی کۆچی دا ئیمام محمدی کوڕی حەسەنیش وەفات دەکات و ھەروەھا ھارونە ڕەشیدیش وەفات دەکات و بەیعەت دەدرێت بە مەئمون و دەبێت بە خەلیفە و لەو کاتەدا ئیمامی شافیعی جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و یەک مانگ لەوێ ئەبێت وە لەمزگەوتی گەورەی بەغدا وانەیەک دادەنێت کەلە بیست وانەی زانستی زیاتری تیا بوو.
    دووای وانە دانانەکەی ئەم ئەبێت بە سێ وانە و ھەموویان دێن بۆ وانەکەی ئیمامی شافیعی.لەو کاتەدا کە ئیمامی شافیعی لە بەغداد بوو، خەلیفە مەئمونی عەبباسی، عەباسی کوڕی موسای کرد بە والی میسر، ئیمامی شافیعیش لەگەڵیدا ڕۆیشت بۆ میسر، وە خەڵکی بەغدا لەشار چوونە دەرەوە بۆ خواحافیزی لە ئیمامی شافیعی لە ناویاندا ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حنبل ی تێدا بوو، وە ئیمامی شافیعی دەستی ئیمامی أحمدی گرت و دوو بەیت شیعری خوێندەوە، ئیمامی أحمد و شافیعی و خەڵکەکەش دەستیان کرد بە گریان، لە ٢٨ ی شوالی ساڵی ١٩٨ی کۆچی لەگەڵ عەباسی کوڕی موسا گەیشتە میسر وە بەگەیشتنی ھەموو زانایانی میسر ھاتن بۆ خزمەتی کۆمەڵ کۆمەڵ لەوانە: (عبداللە ی کوڕی حکم) کە زانای بەناوبانگی میسر بوو چوار ھەزار دیناری دا بە ئیمامی شافیعی، لە میسر دەستی کرد بە وانە ووتنەوە لە مزگەوتی (عەمری کوڕی عاس) لەدوای نوێژی بەیانی تا نیوەڕۆ.،زانایان دەربارەی ئیمامی شافعی زۆر لێدوانیان داوە بە کورتی ھەندێک لەو ووتانەی لەسەر شافعی ووتراون ئەمانەن:
    -ئیمام مالیک دەڵێت: ھیچ قوڕەیشییەک نەھاتوە بۆ لام بخوێنێت بەقەدەر محمدی کوڕی ئیدریس (شافیعی) زیرەک بوو بێت.
    -سوفیانی ثەوری ئەگەر پرسیاری تەفسیری قورئان یان شەرعیان لێ بکردایە لای دەکردەوە بەلای ئیمامی شافیعی دا و دەیوت لەم پرسیار بکەن.
    -موسلیم ی کوڕی خالد کە مامۆستای بووە لە کاتێکدا کەتەمەنی پانزە ساڵ بووە پێ ی ووت کاتی ئەوەت ھاتوە کە فەتوا بدەی.
    -ئیمامی أحمد و یەحیای کوڕی سەعید ئەیانوت (ئێمە چل ساڵە لە نوێژەکانماندا داوای خێرو داوای لێ خۆش بوون بۆ ئیمامی شافیعی دەکەین
    -وە أبو یوسف دەڵێ؛ تۆ شایستەی کتێب دانانیت.
    -خەلیفەی مەئمون کوڕی ھارونە ڕەشید ئەڵێت؛ خوای گەورە محەمەدی کوڕی ئیدریس شافعی تایبەتمەند کردووە بە زانست و ڕەوانبێژی و ئەدەب و چاکە و ئایین.
    -ئیبن عساکر وەسفی دەکات بەوەی (پێشەوای سەردەمەکەی و تاکی زەمانەکەیەتی)،،
    إيمام شافعی کۆمەڵیک شیعری زۆر جوانی ھەیە بۆ نمونە لە یەکێک لە شیعرەکانیدا ئامۆژگاری زانستخوازان دەکاتوده‌ڵێ؛برام بە شەش ھۆکار نەبێت زانست بە دەست ناھێنی منیش واڕوونیان دەکەمەوە بۆت زیرەکی و سوور بوون و کۆشش،و ھێندەش خەرجیت ھەبێت بێ نیازت بکات. ھاوڕێیەتی مامۆستا و بوونی کاتی پێویست.
    إیمامی شافیعی پێنج ساڵ و نۆ مانگ ماوەتەوە لە میسر، و ھەر لەو ماوەیەدا نەخۆش کەوتووە و لە شەوی ھەینی مانگی ڕەجەبی ٢٠٤ک دوای نوێژی خەوتن کۆچی دوایی کردووە و ھەر لە میسر نیژراوە، و لەسەر گۆڕەکەی قوبەیەک ھەیە کە سەلاحەددینی ئەییووبی نوێی کردەوە لە ساڵی ٥٧٤ک....


    بۆزانيارى زياتر بگه‌رێره‌وه‌ بۆ ئه‌م سه‌رچاوانه‌
    تھذیب التھذیب/ بن حجر العسقلانی.
    الأئمة الأربعة/ د. مصطفی الشعکة.
    أعمدة الفقە الأربعة فی الإسلام/ مھدی صالح محمد أمین.
    تأریخ المذاھب/ محمد ابو زھرة.
    تنویر البصائر المقلدین فی المناقب الأئمة والمجتھدین/ مرعی بن یوسف الحنبلی.


    ئامادە کردنى/ کوردە ئەحمەد کوردە
    • تەعلیقاتى بلوجر
    • تەعلیقاتى فەیسبوک

    0 التعليقات:

    إرسال تعليق

    Item Reviewed: ژیانى ئیمامى شافيعى(ڕەحمەتى خواى لێ بێت‌).. Rating: 5 Reviewed By: znnu
    Scroll to Top