• نوێ

    السبت، 9 أبريل 2016

    ئاگاداری هاوڕێی خراپ بن

    ئەی گەنج ئەی خوشكی بەڕێز ئەی ئەو كەسەی كە تەمەنێكی زۆرت بەڕێ كردووە لە ژیانتدا ، گوێم لێبگرە تا ئەو زیان و خراپانەت بۆ بژمێرم كە لە دانیشتن و تێكەڵبوونت لەگەڵ كەسانی خراپ و شەڕانیدا تووشت دەبێت ، لەوانە :

    • دانیشتن لەگەڵ كەسانی خراپدا گومان لە بیروباوەڕتدا دروستدەكات ، خوای پەروەردگاریش لە قورئاندا نمونەی ئەو جۆرە كەسانەی بۆ باسكردووین و دەفەرموێت : (قال قائل منهم إنّي كان لي قرين يقول أإنّك لمن المصدّقين أإذا متنا و كنّا ترابا و عظاما أإنّا لمدينون) .
    واتە : یەكێك لەوانەی قسەیان دەگێڕایەوە وتی : من هاوڕێیەكم هەبوو دەیوت ئەرێ تۆ ئەو قسانە بە ڕاست دەزانیت ، ئەرێ ئەگەر ئێمە بمرین و ببینەوە بە خۆڵ و ئێسك دوای ئەوە دێینەوە دەرەوە؟! ، سوێند بەخوا برایەك بۆی باسكردم كە براكەی بە جۆرێك لە دین دوور كەوتۆتەوە و كەوتۆتە ناو خراپەكاری و فەسادییەوە كە دەڵێت : ئەرە ئێوە بە ڕاستتانە كە ڕۆژی قیامەت هەیە؟! ، یا الله مناڵەكانمان گەیشتوونەتە ئەوەی كە ئەم قسەیە بكەن! ، كەسانی خراپەكار بوونەتە هۆی مردنی زۆرێك لە خەڵكی لەسەر خراپترین حاڵەت ، لەو جۆرە كەسانەی كەبەو جۆرە مردوون بەسەر ئێوەشدا تێپەڕبووە و دەزانن ، كوا لەكوێیە ئەقڵ و ژیری؟!
    • یەكێكیتر لە زیانەكانی كەسانی خراپەكار ئەوەیە كە هەرگیز لێت ڕازی نابن وازیشت لێناهێنن هەتا ئەو كارەی ئەوان دەیكەن تۆش لەگەڵیاندا دەیكەیت ، ئەگەر مەی بخۆنەوە وازت لێناهێنن هەتا تۆش لەگەڵیاندا دادەنیشیت و دەخۆیتەوە ، ئەگەر ماددەی بێهۆشكەر بەكاربهێنن وازت لێناهێنن هەتا ئالوودەت دەكەن پێیەوە ، شیخ الإسلام ابن تیمیة [ڕەحمەتی خوای لێبێت] دەفەرموێت : ئەو كەسانەی كە كاری خراپ دەكەن هەمیشە ئەوانەیان خۆشدەوێت كە لە كارەكانیاندا لەگەڵیانن ، ڕقیشیان لەو كەسانەیە كە لەگەڵیان نین، ئەگەر كۆببنەوە بۆئەوەی مەی بخۆنەوە ئەوا زۆر لە هەموو ئەوانە دەكەن كە لەگەڵیان ئامادەیە بۆئەوەی لەگەڵیان دابنیشێت و بخواتەوە ، جا ئەو ڕاكێشانەیان بۆ خواردنەوەی مەی لەبەرئەوەیە كە ئەو كەسانە لەسەر چاكەن یان بۆ ئەوەیە كە ئەوانە هیچ بیانوو بەسەر ئەو كەسە خراپانەوە نەمێنێت . كوا لەكوێیە عەقڵ و ژیری؟!
    • یەكێكیتر لە زیان و خراپەكانی دانیشتن لەگەڵ كەسانی خراپدا ئەوەیە كە ئەو خوو ڕەوشتانە دەگریت كە پێیانەوەیە ، ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەریشمان صلی الله علیە وسلم زۆر بیستووە كە دەفەرموێت : المرء علی دین خلیلە . واتە : هەموو كەسێك لەسەر دینی هاوڕێ و خۆشەویستەكەیەتی .
    • یەكێكیتر لە خراپەكانیان ئەوەیە كە هەر بە بینینیان بیری تاوانت دەكەوێتەوە، جا بە ئاشكرا بێت یان بە نهێنی .
    • یەكێكیتر لە خراپەكانیان ئەوەیە كە دەتكەن بە كەسێكی لادەر و بێ ڕەوشت و خراپ و بە كەسانی خراپەكار و بەدخووت دەناسێنن .
    • یەكێكیتر لە خراپەكانیان ئەوەیە كە هەڵە و كەموكوڕییەكانت لێ دەشارنەوە و تاوان و خراپەكاریت بۆ دەڕازێننەوە و كەم تەرخەمی كردنت لە بەندایەتییەكدا لەلا بێ بەها سووك دەكەن .
    • یەكێكیتر لە خراپەكانیان ئەوەیە كە تۆ ڕاستی و دروستی نەفسی خۆت نازانیت و لەگەڵیشیاندایت ، نەفست وا گومان دەبات كە لەسەر چاكەیت ، لە كاتێكدا تۆ هەر لە بنچینەدا لەناو خراپە و داڕمان و تیاچووندایت .
    • یەكێكیتر لە زیانەكانیان ئەوەیە برایەتی و هاوڕێیەتی كردنیان هەر لەگەڵ دروستبوونی بچوكترین جیاوازی یان گۆڕانی بەرژەوەندیدا لەناو دەچێت ، عبدالله بن المعتز دەفەرموێت : دوو شت هەن هەر لە سەرەتای یەكگرتنیانەوە هەڵوەشاونەتەوە : هەڵچوونی گەنج و هاوڕێیەتی كەسانی خراپ . ئەگەر خۆشەویستییەكەیان لە دنیاشدا سەربگرێت و بەردەوام بێ ئەوە لە دواڕۆژدا بە خێرایی لێك هەڵدەوەشێتەوە و هەڵدەگەڕێتەوە بۆ دوژمنایەتی و ڕق لێبوونەوە ، گەورەترین زیانی ئەو كەسە خراپانەش ئەوەیە كە بەهۆیانەوە ئەو كەسانەی لەگەڵیاندابوون شەرم دەكەن بچنە ناو كۆڕ و كۆمەڵی زانا و پیاوچاكانەوە ، باڵندەش لەسەر شێوەی خۆی هەڵدەكەوێتەوە ، دووری ئەو كەسانە چەندە كە لە مەجلیسی غەیبەت و قسە هێنان و بردن و لەعنەتكردن دادەنیشن لەگەڵ ئەو كەسانەی لە شوێنێكدا دادەنیشن كە فریشتەكان چواردەوریان دەگرن و خوای پەروەردگار باسی ئەهلەكەی دەكات .
    ئەمە هەندێكە لە زیانەكانی كەسانی خراپ و بەدخوو كە زیانەكانیان زۆر لەوە زیاترن ، كواو لەكوێیە عەقڵ و ژیری؟! ئەی خاوەن و هزر و هۆشەكان ، خۆشەویستەكانم پێشینان دەڵێن : إنّ الصاحب ساحب .واتە هاوڕێ ڕاكێشەرە . هەروەها دەڵێن : الرفیق قبل الطریق . واتە هاوڕێ لە پێش ڕێگە هەڵبژێرە . ئەوانەی كە باسكران هەموویان ڕاستن ، سەیربكەن چەند زۆرن ئەوانەی كە لەسەر گاڵتە و پێكەنین كۆدەبنەوە ، چەند كەمیشن ئەوانەی كە لەسەر یادی خوا و خوێندنی قورئان و گریان كۆدەبنەوە ، من ناڵێم نابێت پێبكەنیت بەڵام دەبێت بزانیت بۆچی پێدەكەنیت؟هەرئەوەت بەسە كە بە دانیشتنت لەناو كۆڕی پیاوچاكاندا دەتهێنێت بەرەو خۆشەویستی خوا ، گەورەترین بەرهەمی ئەو خۆشەویستییەش ئەوەیە كە دەتخاتە ژێر سێبەری خۆیەوە لە ڕۆژێكدا هیچ سێبەرێك نییە بێجگە لە سێبەرەكەی ئەو ، ڕۆژێك دێت خوا بانگ دەكات و دەفەرموێت : كوان ئەوانەی لەبەر شكۆی من یەكتریان خۆشدەویست ئەمڕۆ دەیانخەمە ژێر سێبەری خۆمەوە ، كە لەمڕۆدا هیچ سێبەرێك بێجگە لە سێبەری من نییە . هەروەها ئەوەشت بەسە كە بەندە بە خۆشویستنی كەسانی چاك پێیانەوە دەبەسترێیتەوە و دەگەیتە پلەی ئەوان ، پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم فەرموویەتی : مرۆڤ لەگەڵ ئەو كەسەدایە كە خۆشی دەوێت . ئەنەس لە فەرموودەیەكی تردا دەفەرموێت : لە هیچ شتێكدا بە وێنەی ئەوە دڵخۆش نەبووین كە پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم فەرمووی : تۆ لەگەڵ ئەو كەسەدایت كە خۆشت دەوێت ، من (واتە ئەنەس ڕەزای خوای لێبێت) پێغەمبەرم صلی الله علیە وسلم خۆشدەوێت و ابوبكرم خۆشدەوێت و عمرم خۆشدەوێت ، داوادەكەم كە لەگەڵ ئەواندا بم بە خۆشەویستی من بۆ ئەوان ، ئەگەرچی نەتوانم بە وێنەی ئەو كارانە بكەم كە ئەوان كردوویانە . من ڕێگرنیم  لە باسكردنی هاوڕێیەتی كەسانی چاك ، بەڵام بە دژەكانی شتەكان دەناسرێنەوە .
    خوایە داوای خۆشەویستی خۆتت لێ دەكەین و خۆشەویستی ئەوەش كە تۆی خۆشدەوێت و خۆشەویستی ئەو كارانەی كە لە خۆشەویستی تۆمان نزیك دەكاتەوە ئەی خوای خاوەنی شكۆ و ڕێز ، داوا لە خوا دەكەم منیش وئێوەش سەرفراز بكات بە دانیشتنمان لەگەڵ كەسانی چاكدا كە دەستمان پێوە دەگرن و بەرەو خۆشبەختی دنیا و دواڕۆژمان دەبەن ، داوا لە خوا دەكەم كە پێمان دامەزراو بكات و سەركەتوومان بكات بۆ دووركەوتنەوەمان لە كەسانی خراپ ، كە دەبنە هۆی ڕەنجەڕۆیی دنیا و دواڕۆژ ، خوایە سەركەوتوومان بكەیت بۆ كاری خێر و گوێڕایەڵی كردنت و وازهێنان لە خراپە ، خوایە گەنج و پیر و مناڵ و ئافرەتمان لە تاریكی فیتنەكان بپارێزیت ئەو فیتنانەی كە دیارن و ئەوانەشی كە شاراوەن .

    و آخر دعوانا أن الحمدلله ربّ العالمين

    ووتارى دەنگى شێخ خالد الراشد خواى گەورە ئازادى بکات

    وەرگێڕانى: خانى کوردستانى
    • تەعلیقاتى بلوجر
    • تەعلیقاتى فەیسبوک

    0 التعليقات:

    إرسال تعليق

    Item Reviewed: ئاگاداری هاوڕێی خراپ بن Rating: 5 Reviewed By: znnu
    Scroll to Top