• نوێ

    السبت، 14 فبراير 2015

    مامۆستاکەم ئامۆژگاری کردم ئەوکاتانەی فیتنەی هەڵخلیسکان و بێ باوەڕبونەوە وەك ڕەش ماڵی تاریك سەر زەوی تەنی چی بکەم!

    پێی وتم: ڕۆڵەکەم کاتێك شەوێکی تاریکستان بەڕێگایەکدا دەڕۆیت و تەنها ڕوناکیەك بەرپێی ڕوناك دەکردیتەوە!،
    ئەوە بەردەوام بە بەدوای ئەو ڕوناکیەوە بۆ ئەوەی لەناو تاریکیدا جێ نەمێنیت!.
    وتم: ئەی مامۆستا ئەگەر ئەو ڕۆشناییە کوژایەوەو تاریکایی باڵی کێشا بەسەر زەویدا، بەردەوام بم لەڕێگە کردن بە بێ ڕوناکیەکە؟، یان چی بکەم؟.
    مامۆستا فەرمووی: بێگومان کوڕم تۆ بەپێی ڕوناکیەکەی دەستت تاریکاییەکەت بۆ ڕۆشن دەبۆیەوە!، ئێستاش ڕۆشناییەکە لەپڕدا کوژاوەتەوە چۆن مل دەنێی بە بێ ڕۆشنایی؟.
    وتم: ئاخر مامۆستا خۆ ناکرێت لەوتاریکاییەدا بمێنمەوە ، ئەی چی بکەم باشە؟.
    فەرمووی: کوڕە شیرینەکەم ئەی تۆ نازانی هەرکات تاریکایی فیتنەی لاڕێ بون باڵی کێشا بەسەر زەویدا زاناکان و بۆ خوا سوڵحاوەکان هەنگاوەکانیان دەوەستێنن و یەکەم کەسن کە هەست بەتاریکاییەکە دەکەن؟.
    دەزانی کوڕم ئەوانەی گوێ نادەنێ و مل دەنێ و دەکەونە ناو تاریکاییەکەوە کێن؟.
    وتم: کێن ئەو کەسانە مامۆستا گیان؟.
    فەرمووی: ئەوانەن کە زانا نین و نەشارەزان لە زانستی شەرعی کاتێك دەکەونە ناو قوڵایی تاریکاییەکەو، کەتەواو ڕێیان لێ وێڵ و ون دەبێت، لەکاتی تیاچونیاندا پێی دەزانن!، ئەوکاتەش زانین هیچ سودی نیە کە تاریکیەکە بۆ خۆی نەماو بەسەر چو!.
    وتم: ئاخر مامۆستا خۆ زۆریشمان هەیە زانایەو شارەزاشە لەزانستی شەرعی دا کەچی کەوتۆتە پێش نەزانەکان و لەپێش ئەوانەوە کەوتۆتە ناو تاریکیەکەوە!، وە زۆرێك لە نەزانەکانیش دوای ئەوان کەوتون تا ڕێگەیان پیشان بدەن!.
    وتی: ڕاستە کوڕم بەڵام ئەوانەش یان نیەتیان پاك نەبوە بۆ خوا کاتێك ڕوناکیەکەیان هەڵگرتوە یان دوای پلەو پایەیەك کەوتون بۆیە لەوکاتەدا ئەوانیش وەك نەشارەزاکان دەکەونە ناو تاریکاییەکەوەو بەهەڵە خۆشیان و ئەوانیش بەرەو تیاچون دەبەن!.
    وتم: ئەی هاوار خوایە بمان پارێزیت لە فیتنەی هەڵخلیسکان و گومڕایی، باشە مامۆستا گیان ئەگەر ئەو تاریکاییە بەردەوام بو هیچ ڕوناکیەکیش نزیك نەبو یان بەئاسانیش ڕوناکیمان دەست نەدەکەوت چی بکەین باشە؟.
    فەرمووی: کوڕم پشت بەخوا ببەستەو بوەستەو مەرۆ با بەتەنهاش بیت کوێرانە مل مەنێ ، تا ئەوکاتەی خوای گەورە بەرچاوت ڕۆشن دەکاتەوەو دڵنیابە لەتاریکترین شوێندا نزیکترینە لێتەوە!،ئەوەش بزانە لەدوای تاریك ترین ڕەشماڵی شەو سەرەتای لەدایك بونی تیشکێکی خۆری تازەیە!.
    تێبینی: ئەم نوسینە لە گفتوگۆیەکی تەلەفونی نێوان من و مامۆستایەکی خۆشەویستمدا کە ئەم شەو ئامۆژگاری کردم بەدەستکاریەوە باسم کردوە.

    نوسینی: ڕەنج شێخانی
    • تەعلیقاتى بلوجر
    • تەعلیقاتى فەیسبوک

    0 التعليقات:

    إرسال تعليق

    Item Reviewed: مامۆستاکەم ئامۆژگاری کردم ئەوکاتانەی فیتنەی هەڵخلیسکان و بێ باوەڕبونەوە وەك ڕەش ماڵی تاریك سەر زەوی تەنی چی بکەم! Rating: 5 Reviewed By: znnu
    Scroll to Top