• نوێ

    الثلاثاء، 26 نوفمبر 2013

    خێزانی چوارەمی پێغەمبەرى خوا(صلى الله عليه وسلم): خاتوو حەفصە(رەزای خواى لێ بێت)


    خێزانی چوارەمی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دیسانەوە ئافرەتێكی بێوەژن بووە بە ناوی خاتوو: (حَفْصَةُ بِنْتُ عُمَرَ بْنِ الْخَطَّابِ الْعَدويَّة)ە ، دایكیشی ناوی (زَيْنَب بنت مَظْعُون)ە.ـ
    خاتوو حەفصە كچی جێنشینی دووەمی پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) (عُمَرَ بْنِ الْخَطَّابِ) و لە باوكەوە خوشكی (عَبْدَ اللَّهِ بْنَ عُمَرَ) بووە.

    ـ پێنج ساڵ بەر لە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، لەو كاتەی قوڕەیش سەرقاڵ بوون بە دروستكردنەوەی كەعبەوە خاتوو حەفصە لە دایك بووە، واتە هەژدە ساڵ بەر لە كۆچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)بەرەو مەدینە لە دایك بووە.
    ـ بەر لەوەی ببێتە خێزانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، خاتوو حەفصە خێزانی هاوەڵێكی بەڕێز و ئازیزبووە بە ناوی (خُنَيْسِ بْنِ حُذَافَةَ السَّهْمِيِّ)، پێكەوە كۆچیانكردووە بەرەو مەدینە، پاشتر (خُنَیْسِ) لە جەنگی بەدردا بە خەستی بریندار دەبێت، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە پاش كۆتایی شەڕەكە لە شاری مەدینە كۆچی دوایی دەكات.
    ـ بە بێوەژنكەوتنی خاتوو حەفصەی كچی، ئیمامی عومەر زۆر دڵگران دەبێت، وەك ئەركێكی ئیسلامەتی و باوكایەتی و بێ گوێدانە دابونەریتی سەردەمی نەفامی، هەوڵ دەدات كە خاتوو حەفصە بەو شێوەیە نەمێنێتەوە، هەر بۆیە خۆیدەچێتە لای عوسمانی كوڕی عەففان (رەزای خوایان لێ بێت) و پێشنیاری ئەوەی بۆ دەكات كە خاتوو حەفصە مارە بكات، بەڵام عوسمان دەڵێت: مۆڵەتم بدەرێ با بیری لێبكەمەوە، پاش چەند رۆژێك دێت و پێی دەڵێت: ئارەزوی ژن هێنانم نییە،پاشان عومەر دەگاتە خزمەتی ئەبوبەكری صدیق (رەزای خوایان لێ بێت) وپێشنیاری ئەوەی بۆ دەكات كە خاتوو حەفصە مارە بكات، ئەویش بێدەنگ دەبێت و هیچ وەڵامی ناداتەوە، پاش ماوەیەك پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) داوای دەكات و مارەی دەكات. پاشتر ئەبوبەكر و عومەر (رەزای خوایان لێ بێت) بەیەكتر دەگەن، ئەبوبەكر پێی دەفەرموێت: لەوانەیە ئەو رۆژە دڵت گران بووبێت كە وەڵامم نەدایتەوە، ئەویش فەرمووی: بەڵێ پێم ناخۆش بوو، ئەبوبەكریش فەرمووی: مندەمزانی پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)بەتەمایەتی و لای من باسی كردبوو، جا من پێم خۆشنەبوو نهێنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بدركێنم، ئەگەر ئەو نەیویستایە من دەمویست و مارەم دەكرد.
    ـ پاش سێ مانگ لە كۆچی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە، لە مانگی شەعبانی ساڵیسێی كۆچی، بەر لە جەنگی ئوحود پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)خاتوو حەفصەی مارە كردووە و ژیانی هاوسەری لەگەل دەست پێكردووە، ئەو كات خاتوو حەفصە تەمەنی بیستساڵان بووە. 
    ـ خاتوو حەفصە یەكێك بووە لەو ئافرەتە بەهیممەتانەی كە بە هەوڵی خۆی و لەو سەردەمانەدا لەسەر دەستی شیفائی كچی عەبدوڵڵا خۆی فێری خوێندەواری كردووە، وەك لێی دەگێڕنەوە خاتوو حەفصە خوێندەوارێكی زیرەك ووتاربێژێكی زۆر بەتوانا بووە، دەستی شیعر و رەوانبێژیشی هەبووە. 
    ـ كاتێك پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) لە خێزانەكانی توڕە دەبێت لەسەر ئەوەی داوای نەفەقەی زۆری لێدەكەن، خاتوو حەفصە تەڵاق دەدات، بەڵام خاتوو حەفصە ئەوەندە خواناس وباوەڕدار بووە، خوای پەروەردگار لەسەری دێتە وەڵام و بەجبریل دا وەڵام بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)دەنێرێت و فەرمانی پێ دەكات كە خاتوو حەفصە بگێڕێتەوە لای خۆی،پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) لەو بارەیەوە دەفەرموێت: {إِنَّ جِبْرِيل أَتَانِي فَقَالَ لِي: رَاجِع حَفْصَة؛ فَإِنَّهَا صَوَّامَة قَوَّامَة، وَهِيَ زَوْجَتك فِي الْجَنَّة}.
    واتە: جبریل هاتە لام و پێی گوتم: خاتوو حەفصە بگێڕەرەوە لای خۆت، چونكە خاتوو حەفصە ئافرەتێكە بەردەوام سەرقاڵی نوێژ و رۆژووگرتنە و یەكێكە لە خێزانەكانت لە بەهەشتدا.
    ـ هەر لەبەر زیرەكی و دەستپاكی كاتێك لەسەردەمی جێنشینی ئەبوبەكردا بۆ یەكەمجار قورئان كۆ كراوەتەوە، هەتائەبوبەكر لە ژیاندا بووە ئەو قورئانە لای ئەو پارێزراوە، پاش كۆچی دواییئەبوبەكر ئەو قورئانە لای ئیمامی عومەر بووە، پاش شەهید كردنی ئیمامی عومەر ئەو قورئانە لای خاتوو حەفصە پارێزراوە، هەتا سەردەمی ئیمامی عوسمان و پاشتر ئەو داوای لێدەكات كە ئەو قورئانەیان بۆ رەوانە بكات، بۆ ئەوەی چەندوێنەیەكی لەبەر بنووسنەوە و دابەشی بكەن بەسەر موسڵمانان و شوێنەجیاجیاكاندا، پاشتر قورئانەكەی بۆ دەگێڕێتەوە و هەتا كۆچی دوایی دەكات ئەوقورئانە لای ئەو دەمێنێتەوە.
    ـ لە تەمەنی پڕ لە فەڕی لەگەڵ پێغەمبەردا(صلى الله عليه وسلم) خاتوو حەفصە شەست فەرموودەی لە پێغەمبەری خوداوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە، لەوانە بوخاری و موسلیم لەسەر گێڕانەوەی چواریان كۆك بوون، جگە لەو چوارەیش موسلیم بەتەنیا شەش فەرموودەی تری لە صەحیحەكەیدا باس كردووە، سەرجەمفەرموودەكانی تر لە سەرچاوەكانی تری فەرموودەدا باس كراون وگێڕدراونەتەوە. 
    ـ خاتوو حەفصە لە مانگی شەعبانی ساڵی چل و پێنجی كۆچی، لە تەمەنی شەست ساڵی لە سەردەمی پێشەوایەتی موعاویەی كوڕی ئەبوسوفیان (رەزای خوایان لێ بێت) لە مەدینە كۆچی دوایی كردووە، خەڵكێكی زۆر لە هاوەڵانیپێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە پێشەوایەتی مەڕوانی كوڕی حەكەم كە ئەو كات والی مەدینە بووە نوێژیان لە سەر كردووە، هەر لە مەدینە و لە گۆڕستانی بەقیع تەرمی پیرۆزی بەخاك سپێردراوە.ـ ئامانجی پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)لە هاوسەرگیریی لەگەڵ خاتوو حەفصە دڵنەواییكردن و وەفادارییەك بووە بۆ ئیمامی عومەر كە بە بێوەژنكەوتنیخاتوو حەفصە زۆر دڵگران بووە، هەروەها توندوتۆڵكردنی پەیوەندی خێزانی بووە لەگەڵ ئەو پیاوە بەڕێزەی كە دەبێتە جێنشینی دووەمی، بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین هەر چوار جێنشینەكانی پێغەمبەر (رەزای خوایان لێ بێت)، جگەلە پەیوەندی توندوتۆڵی ئیمان و باوەڕیان لەگەڵ پێغەمبەری خودا(صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)پەیوەندی خێزانیی لەگەڵیان بەستووە، بۆ نموونە كچی لە ئەبوبەكر وعومەر خواستووە، كچیشی داوەتە عوسمان و عەلی (رەزا و رەحمەتی خودا لە هەموویان بێت).


    سەرچاوە: كتێبی (رەواندنەوەی گومانەكان)
    نووسینی: دكتۆر خالید موحەممەد ساڵح

    • تەعلیقاتى بلوجر
    • تەعلیقاتى فەیسبوک

    0 التعليقات:

    إرسال تعليق

    Item Reviewed: خێزانی چوارەمی پێغەمبەرى خوا(صلى الله عليه وسلم): خاتوو حەفصە(رەزای خواى لێ بێت) Rating: 5 Reviewed By: znnu
    Scroll to Top