• نوێ

    الثلاثاء، 23 سبتمبر 2014

    لە نێوان ئیبن نابلسى و خۆفرۆشەکانى لاى خۆمان....

    زۆرمان بینى لەسەر مینبەرەکان و لە ڕۆژى جومعەدا بەرگى ئیمانیان داماڵى و زۆر بە هەرزان ئیعلانی ڕیددەى خۆیان کردو چونە بەرەو سەنگەرى ئەحزابەوە,
    زۆرن ئەوانەى بێ ئەوەى توشى سادەترین ئازارو ناڕەحەتى بوبێتن بە ئاشکرا تەبەڕڕا بوونى خۆیان لە نیوەى پێشوى ژیانیان کرد, هەن خۆیان بە زاناو پێشەنگ و چاوساغ دەناسێنن بەڵام لە ڕاستىدا بەلعەمێکى بانگەوازکارن بۆ ڕێبازى بەتاڵ.
    کاتێک چاو بە مێژووى ئیسلامدا دەگێڕین و ژیانى زانا نەبەردەکان دەخوێنینیەوە ئەوجا جگە لە پێناسەیەک بۆ ئەم بەرگى زانا لەبەرانەى ئەمڕۆ شتێکى تر نادۆزینەوە, ئەویش: خۆفرۆشێکى خۆبەزانازان. کاسەلێسێکى بەر دەرگاى سوڵتانەکانن.

    یەک نمونە لەو زانا بوێرو هەقبێژانەى مێژووى ئیسلام دێنینینەوە تا زياتر بۆمان ڕۆشن بێتەوە کە ئەوانەى ئەمڕۆ دەیبینین هیچ پەیوەندىیەکى بە عیلم و زانایانەوە نییەو جگە لە سیاسەت کردنێکى گڵاو و تەمەللوق کردنێکى بێ هودە بۆ دوژمنانى هەق هیچى تر نییە.
    ئەو زانا واريع و موجاهیدەش ئیبن نابلسییە:

    ئەبوبەکرى النابلسى(شەهیدى لەپێست داماڵراو)-ڕەحمەتى خواى لێ بێت-
    ناوى محمدى کوڕى ئەحمەدى کوڕى سەهلى کوڕى نەصرە, ئەبوبەکرى الرملى شەهيد, ناسراو بە ئيبن النابلسى, لە (ڕەملە) نیشتەجێ بووە, لەبنچینەدا خەڵکى شارى نابلسى فەلەسطینە, پیاوێکى صاڵح و زاهیدى هەق بێژ بووە, پێشەوا بووە لە فەرمودەو فیقهداو لە گەورە فەرمودەناسان بووە, زۆربەى کات بە ڕۆژوو بووە. وێڕاى ئەوەى کەسێکى شاعیر بووە.
    لە کۆمەڵێک لە زانایانەوە فەرموەى گێڕاوەتەوە لەوانە:  سعید بن هاشم الطبراني, و محمد بن الحسن بن قتیبة, و محمد بن أحمد بن شیبان الرملي.
     وە کۆمەڵێکیش فەرمودەیان لێوە ریوایەت کردووە لە وێنەى: تمام الرازي, و عبدالوهب المیداني, و علي بن عمر الحلبي.
    عبید الله المهدي دەوڵەتى خیلافەتى فاطمى بنیاتناو شارى (المهدیة)ى کردە پایتەختى, کە شارێکە دەکەوێتە کەنارى تونس لە دوورى 16 میل لە باشورى خۆرهەڵاتى شارى قەیرەوانى ئیستا, پاشان کوڕەکانى عبیدالله المهدی لەسەر هەمان سیاسەتى فراوان کردنى باوکیان ڕۆیشتن, هەتا ابو تیم (معد بن اسماعیل) ى ناسراو بە (المعز لدین الله) توانى میصر بگرێت و لە ڕۆژى جومعە8ى ڕەمەزانى 362ى کۆچى دا چووە ناویەوە. کە پێشتر بەرپرسێکى بە ناوى جەوهەر الصقلى بۆ کاروبارەکەى ئامادە کردبوو وە بانگەوازى بۆ کردبوو وە شارى قاهیرەى بۆ بینا کردبوو ئەویش دابەزىیە ناوى.

    کاربەدەستانى دەوڵەتى فاطمى بانگەوازى مەزهەبى شیعەیان دەکرد, لە کاتێکدا خەڵکى میصرو فەلەسطین وسوریا سوننى مەزهەب بوون.
    تاقیکردنەوەى فاطمىیەکان بەسەر موسڵمانانەوە زۆر گەورە بوو, هەروەک ئیمامى الذهبي باسى دەکات. زۆر ئازارى یەکخواپەرستانیان دەدا, وە کاتێک شام کەوتە ژێر دەستیانەوە پیاوچاکان و هەژاران لە بیت المقدس هەڵهاتن, فاطمىیەکان زۆریان لە زانایانى موسڵمانان دەکرد تا لەسەر مینبەر لەعنەت لە چەند هاوەڵێکى دیارى کراو بکەن, وە لەو کەسانەى کە ڕایان کردو هەڵهاتن ئیمامى النابلسى بوو, لە ڕەملەوە هەڵهات بەرەو دیمەشق.
    وە کاتێک (معز لدین الله) دەستەڵاتى شامى گرتە دەست بانگەوازى خەڵکى دەکرد بۆ لاى خۆى و مەزهەبى پیسى خۆى ئاشکرا کردو بانگەوازى دەکرد بۆى و نوێژى تەراویح و چێشتهەنگاوى بەتاڵ کردەوەو فەرمانى کرد کە لە نیوەڕواندا لە مزگەوتەکاندا قنوت بخوێنرێت..!
    بەڵام ئیمامى النابلسى لەسەر مەنهەجى ئەهلى سوننە و جەماعە بوو پێى وابوو کوشتارى فاطمییەکان واجبە, وە دەیوت ئەگەر دە تیرم پێ بێت نۆیان دەگرمە ئەوان و دانەیەکیان دەگرمە رۆم. ئەم زانا بوێرە بەردەوام خەڵکى ئاگادار دەکردەوە لە خراپەیان.
    وە کاتێک ابو محمود الکتامى حاکمى دیمەشق توانى سەربکەوێت بەسەر قەرامیطەى دوژمنى فاطمییەکاندا ئیمامى النابلسى دەستگیر کردو لە مانگى ڕەمەزاندا سجنى کرد لە زیندانىیەکى لە تەختە دروست کراو, کاتێ سەرکردەى سوپاکانى (المعز) گەیشتە دیمەشق تەسلیمى کردو ئەویش بردى بۆ میصر بۆ لاى معز لدین الله.
     ئەویش فەرمانى کرد کە ئیبن نابلسى بۆ بهێنن, کاتێ هێنایانە ژوورەوە لەبەردەم خۆى وەستاندى و پرسیارى لێ کردو ووتى: پێمان گەیشتۆتەوە کە تۆ وتوتە: ئەگەر کەسێک دە تیرى پێ بێت واجبە یەک تیرى بهاوێژێت بەرەو ڕۆم و نۆ تیرەکەى ترى بنێت بە ئێمەوە!
    ئیمامى النابلسى فەرموى: من وام نەووتووە!!
    سەرکردەى فاطمییەکان دڵخۆش بوو و واى زانى لە قسەکەى پەشیمان دەبێتەوە...
    ووتى: ئەى چیت ووتوە؟
    ئیمامى النابلسى زۆر بوێرانە فەرموى:
    ووتومە: ئەگەر کەسێک دە تیرى پێ بێت واجبە نۆ دانەی بگرێتە ئێوەو دەیەمیشتان پێوە بنێت!!
    معز زۆر بە سەرسوڕمانەوە ووتى:
    بۆچى؟!!
    فەرموى: چونکە ئێوە دینى میللەتى ئیسلامتان گۆڕیوەو پیاوچاکان دەکوژن و بانگەشەى نورى خوایەتى دەکەن. شتانێک دەڵێن کە بۆتان نییە بیڵێن..!!
    معز زۆر تووڕە بوو:
    یەکەم ڕۆژ لەبەردەم خەڵکەکەدا وەستاندى و پاشان دووەم ڕۆژ فەرمانى کرد بە لێدانێکى زۆر توند سزا درا, لە ڕۆژى سێیەمدا فەرمانى کرد قەسابێکى جولەکە بێنن- دواى ئەوەى موسلمانان وەڵامیان نەدایەوە- تاوەکو پێستى لە لاشە بکاتەوەو کەوڵى بکات...!!
    كابراى جەللادى جولەکە لە پشتى سەرىیەوە دەستى کرد بە لێکردنەوەى پێستەکەى, هەتا گەیشتە دەموچاوى, زاناى خواناس بەردەوام بوو لە یادى خواى گەورەو وەک شاخ ئارامگر بوو, هەتا لە لێکردنەوەى پێستەکەىدا گەیشتە سەرشانى.. ئیتر کابراى جولەکە بەزەیى جوڵاو چەقۆیەکى کرد بە سەر دڵى دا و کوشتى, دواتر پێستیان پڕ کرد لە پوش و کا, وە بۆ چاوترساندنى خەڵکى لاشەکەیشیان لە خاچ دا,

    أَبُو ذرٍ الحَافِظُ فەرمویەتى: بەنو عوبەیدىیەکان ئیبن نابلسىیان زیندانی کردو لە خاچییاندا. گوێم لە دارقطنى بوو باسى دەکرد و دەگریا, دەیفەرموو: لەو کاتەدا کە پێستیان دادەماڵى ئەم ئایەتەى دەخوێندەوەو دووبارەى دەکردەوە: (كَانَ ذَلِكَ فِي الكِتَابِ مَسْطُوراً}[الإِسرَاء:58].
    مَعْمَرُ بنُ أَحْمَدَ بنِ زِيَادٍ الصُّوْفِيُّ فەرمویەتى:  کەسانى جێ متمانە بۆیان باس کردووم کە ئیبن نابلسی پێشەوا بووە لە فەرمودەو فیقهدا, بەردەوام سەراپاى ساڵ بەڕۆژوو بووە, زۆر بەڕێز بووە لە لاى عام و خاصى خەڵکى, کاتێ کەوڵ کرا لە لاشەکەیەوە گوێیان لە خوێندنى قورئان بوو....!!!!
    ئەمەش یەکێک بووە لە کەرامەتەکانى ئەم پیاوچاکە
    وتراوە: کاتێ هێنرایە میصر یەکێک لەو ناودارانەى دوژمنایەتیان دەکرد بە خۆشحاڵى دەربڕینەوە وتى: الحمدلله على سلامتک,..! ئەویش فەرموى: الحَمْدُ للهِ عَلَى سلاَمَةِ دِينِي، وَسلاَمَةِ دُنْيَاكَ...!!!
    دواى شەهید بونیشى لە خەودا بینرا:
    ئیبن السعساع المصری گیڕاویەتییەوە کە لەخەونىدا ئەبوبەکرى النابلسى بینیوە دواى ئەوەى لە خاچ درا لەسەر شێوەیەکى زۆر جوان, پێى ووت: خواى گەورە چى لەگەڵ کردیت؟ ئەویش فەرموى:
    حبَانِي مَالِكِي بِدَوامِ عِزٍّ   *  وَوَاعَدَنِي بقُرْبِ الانتصَارِ
    وَقَرَّبَنِي وَأَدْنَانِي إِلَيْهِ   *  وَقَالَ:انْعَمْ بعَيْشٍ فِي جِوَارِي

    ئەمە نمونەى زاناکانى ئێمەن.. ئەمانەن زانایانى ئەهلى سوننە, ئەوانەى هەستان بە سەرخستنى ئەم دینەو جگە لە خواى گەورە لە کەس نەترسان. ڕەحمەتى خوایان لێ بێت.

    سەرچاوە: سير أعلام النبلاء31/174-175 و الأعلام للزركلي5/311, والبداية والنهاية11/241 وە چەندان سەرچاوەى تر بەسەرهاتى ئەم زانایە دەگێڕنەوە.


    ئا/ حەمزە بەرزنجى
    • تەعلیقاتى بلوجر
    • تەعلیقاتى فەیسبوک

    0 التعليقات:

    إرسال تعليق

    Item Reviewed: لە نێوان ئیبن نابلسى و خۆفرۆشەکانى لاى خۆمان.... Rating: 5 Reviewed By: znnu
    Scroll to Top